سزای بوختان پێکردنی زینا - قذف

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-14-06:25:00 - کۆدی بابەت: 4484
سزای بوختان پێکردنی زینا - قذف
حوکمە شەرعییەکان

هەر کاتێک یەکێک بوختانی بە یەکێکی تر کرد بە زیناکردن، واتە: پێی گوت: زینات کردووە. یان پێی بڵێ: نێرباز. یان پێی بڵێ: قوندەر. یان پێی بڵێ: قەحبە

ناوه‌ڕۆك

باسی سزای بوختان پێکردنی زینا (قذف)

ئەم یاسایانە بۆ كاتێكە دەوڵەت ئیسلامی بێت و یاسا و دەستووری ئیسلامی پەیڕەو بكرێت

هەر کاتێک یەکێک بوختانی بە یەکێکی تر کرد بە زیناکردن، واتە: پێی گوت: زینات کردووە. یان پێی بڵێ: نێرباز. یان پێی بڵێ: قوندەر. یان پێی بڵێ: قەحبە. یان پێی بڵێ: پیاوێک تۆی گایە. یان پێی بڵێ: گانت داوە. یان تەنها پێی بڵێ: تۆ لە باوکی خۆت نیت. وە مەبەستیشی بەو گوفتارانە ئابڕووبردن بێ، نەک شاهیدی، بەم بوختانە سزای بوختانی ئەکەوێتە سەر، وە هیچ جیاوازی ئافرەت و پیاو نییە: خوای گەورە فەرموویەتی: (وَالَّذِينَ يَرْمُونَ الْمُحْصَنَاتِ ثُمَّ لَمْ يَأْتُوا بِأَرْبَعَةِ شُهَدَاءَ فَاجْلِدُوهُمْ ثَمَانِينَ جَلْدَةً) ئەوانەی بوختانی زینا بە داوێنپاکان ئەکەن، ئینجا چوار شاهید ناهێنن، لە سزای ئەو بوختانە هەشتا داریان لێئەدرێ.

مەرجەكانی سزادانی

ئەو سزایە بە هەشت مەرج ئەکەوێتە سەر: سێ مەرج لەو هەشتانە ئەبێ لە بوختانکەرەکەدا بێنە جێ:
یەکەم: بلوغی بووبێ.
دووەم: ئآقڵ بێ، واتە: منداڵ و شێت سزای بوختانیان لەسەر نییە، چونکە بایەخ بە قسەی ئەوان نادرێ، کەواتە تەمبێ ئەکرێن.
سێیەم: نابێ بوختانکەرەکە باوک و باپیرە و دایک و داپیرەی بوختان پێکراوەکە بێ، هەروەها نابێ زۆری لێکرابێ بۆ ئەوەی بوختان بکا.

وە پێنج مەرجی تریش لە بوختانپێکراوەکەدا ئەبێ بێنە جێ:

یەکەم: بوختانپێکراوەکە موسوڵمان بێ.

دووەم: بلوغی بووبێ.

سێیەم: عاقڵ بێ.

چوارەم: ئازاد بێ.

پێنجەم: داوێنپاک بێ، واتە: زینای نەکردبێ، کەواتە: ئەگەر بوختان پێکراوەکە منداڵ بوو، یان شێت بوو، یان کافر بوو، یان کۆیلە بوو، یان جاریک زینای کردبوو، نابێ بوختانکەرەکەی دارکاری بکرێ.

بوختانکەری ئازاد سزا ئەدرێ بە لێدانی هەشتا شوڕکەدار، وە بوختانکەری کۆیلە سا دەدرێ بە لێدانی چل شوڕکەدار، وە ئەبێ (قازی) ئەو دارکارییە بکا، نەک بوختان پێکراوەکە.

لاچوونی سزاكە

سزای بوختانکردن لەسەر بوختانکەرەکە لائەچێ بە سێ شت:

یەکەم: بە هێنانی چوار شاهید کە شاهیدی بدەن ئەو پیاوە، یان ئەو ئافرەتەی دیتوە زینای کردووە.

دووەم: یان بوختانپێکراوەکە لێی ببورێ، یان میراتگرەکەی لەپاش مردنی ئەو لێی ببورێ و بڵێ: نامەوێ سزا بدرێ.

سێیەم: یان بە هۆی لەعنەتکردن لە دەربارەی بوختانپێکردنی ژنی خۆی. هەروەها ئەگەر بوختان پێکراوەکە دان بنێ و بڵێ: زینام کردووە، سزایەکە لەسەر بوختانکەرەکە لائەچێ.

ئەگەر هەردوو کەسەکە بوختانیان بە یەکتری کرد، ئەوە نابێتە تۆڵە وەرگرتن و بە بەر سزادان ناکەوێ، واتە: ئەبێ هەردووکیان دارکاری بکرێن.

بەڵام ئەگەر یەکیک جنێو بە دایکی یەکیکی تر بدا، ئەوی تر بۆی دروستە جنێوەکەی پێ بداتەوە، بەو مەرجەی لە ئەندازەی جنێوەکە زیاتر نەکا و جنێو بە دایک و باوکی نەداتەوە.


سەرچاوەکان



1073 بینین